ئەگەرھەیە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دوابخرێت

بڵێسە جەبار فەرمان

مەسەلەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر لە ساڵێکە جێگای گفتوگۆ و مشتومڕە لە عیراق و پڕۆژەی بۆ ئامادەکراو یاسای بۆ دانرا، ئینجا کۆمسیۆن و قانونی تەمویلی ھەڵبژاردن دەرکرا.

بۆ ئەو مەسەلەیە سەدان کۆبونەوە بەڕێوەچوو، بەڵام ھێشتا دیار نییە ئەنجامەکەی چی دەبێت!
دوای ئەوەی بوو بە کێبرکێ لەنێوان سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەماندا بەتایبەتی کە کام لایان دەتوانێت رەزامەندیی شەقام بەلای خۆیدا رابکێشێت، بە دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت (مبکر) و پێشوەختتر (ابکر ) بۆ پەرلەمانی عیراق، مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لەلایەن کومیسیۆنەوە پێشنیازکرا.
دەستنیشانکردنی کاتی ھەڵبژاردن بۆ حزب و لایەنەکان و کاندیدەکان لە عیراقدا بایەخ و گرنگیی خۆیی ھەیە، ھەندێک بۆنەو یادکردنەوە ھەن کە کاریگەرییان لەسەر دەنگدەر ھەیە و دەبنە ھۆی راکێشانی سۆز و ھەست. ئەمەش یان رق و تووڕەیی، دواجار کەم و زیادکردنی دەنگی لێ دروست دەبێت.
لە ئەمریکا رۆژی ھەڵبژاردن بە یاسا دەستنیشان کراوە و ھەموو چوار ساڵ جاریک لە یەکەم سێشەممەی مانگی تشرینی دووەمدا ھەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.
لە وڵاتکی وەکو عیراقدا کە بۆنەی ئاینیی زۆری تێدایە، ھەروەھا یادەوەریی دەستپێک و کۆتایی جەنگ و ھەروەھا یادکردنەوەی رۆژانی کۆمەڵکوژیی و رۆژانی خوێناویی زۆر کە بۆ کەفوکوڵی ھاندانی دەنگدەرانی مەزھەبێک دژ بە مەزھەبێکی تر بەکار دەھێنرێن.
مانگی تشرین بە (راپەڕینی تشرین) چووە مێژووی عیراقەوە، لەم مانگەدا راپەرین دژبە گەندەڵیی و نادادپەروەریی و برسێتی دەستیپێکرد. ناوەندەکەشی گۆڕەپانی (تەحریر) بوو کە پێرار دەستیپێکرد و حکومەتیان گۆڕی و نزیکەی ٧٠٠ شەھیدیان دا.
لە بەغداو پارێزگاکانی باشووری عیراق بۆ ماوەی چەند مانگێک بە ھەزاران کەس چوونە سەر شەقام، گۆڕەپانەکانی ئەو شارانەیان کۆنترۆڵ دەکرد و بارەگای حزب و فەرمانگەکانی حکومەتیان دەسووتاند.
راستە ئەم خۆپیشاندانانە چەند مانگێکی خایاند و بە سەدان گەنج ‌و لاو شەھیدکران و بریندار و کەمئەندام بوون و بووە ھۆی رووخانی کابینەی حکومەت، بەڵام ھێشتا لێکەوتەکانی ھەر بەردەوامن لەچەندین ئاستدا.
ئەم راپەرینەی تشرین چەندین کەسایەتیی تێیدا دەرکەوتن و بوون بە قارەمانی شەقام، تائێستا چەندین حزب و لیست و ھاوپەیمانیی نوێ بەناوی راپەڕینی تشرینەوە خۆیان ناونووس کردووە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت.
دەستنیشانکردنی وادەی ھەڵبژاردنەکان لە مانگی تشرین بە قازانجی ئەم لیستانەیە، بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی بەشداربوون لەو راپەڕینەدا، جووڵاندنی ھەستی دەنگدەر و کەسوکاری قوربانیان دەبێتە ھۆی بەدەستھێنانی دەنگی زیاتر.
زۆر حزب لە ھەوڵی راکێشانی کەسایەتییە دەرکەوتووەکانی ئەم راپەرینەدان بۆ نێو لیستەکانیان.
دەستنیشانکردنی ئەم وادەیە ناڕەزایی زۆری بە شوێن خۆیدا ھێناوە و زۆرێک لە لایەنەکان داوای گۆڕینی دەکەن.
ھێشتا ١٠ مانگی ماوە بۆ وادەی ئەو ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە، گرژیی و ئاڵۆزییەکان دەستیپێکردۆتەوە، دەیانەوێت دەستی حکومەت ببەستنەوە کە نەتوانێت ھەڵبژاردنەکە لەو وادەیەدا بکرێت کە دیاریکراوە بە رۆژی ١٠/١٠/٢٠٢١.
دۆخی ئەمنی رۆڵی گرنگی ھەیە لەوەی ھەڵبژاردن بکرێت یان نا. بۆیە تەقینەوە و جموجوڵی داعش و پەلاماری مووشەکی بۆسەر فڕۆکەخانەی بەغدا سەرەتایەکی خەتەرناکە.
جگە لە پەتای کۆرونا کە عیراق و جیھانی دابڕیووە و جموجوڵی زۆر کەم کردۆتەوە.
نائارامیی سیاسییش رۆڵی ھەیە لە بەڕێوەچوون یان بەڕێوەنەچوونی ھەڵبژاردن.
ئەم ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی عیراق دەرفەت دەداتە ھێز و کارەکتەری نوێ بەتایبەتی ناڕازییەکان و ئەوانەی سەرکردایەتیی خۆپیشاندانەکانیان کرد. چانسی چەندین ھێزی سیاسیی و کەسی کۆن دەسووتێنێت.
کازمی سەرۆک وەزیران خۆی لە بەرەی خۆپیشاندەران دەزانێت، پێیوایە لە ئەنجامی خۆپیشاندانی ئەوانەوە ھاتۆتە سەر کورسی و بە رەزامەندیی ئەوان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بۆیە ئەوکاتە بە خواستی دڵی خۆی دەزانێت. لایەنەکانی تریش بە کاتێکی کوشندەی دەزانن. لەبەر ئەو ھۆکارانەی کە باسم کرد.
ئەگەر ھەیە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق لەو کاتەی کە بۆی دیاریکراوە نەکرێت و جارێکی تر دوابخرێت، بێگومان ھۆکاری دواخستنەکەش ناودەنرێک کێشەی ھونەری (فنی).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *