ئایا کۆنگرە چواردە کێشەی ناو پارتی چارەسەر دەکات؟

راپۆرت: بەدران محێدین: دەنگ نیوز

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دروستبوونیەوە لە ساڵی 1946 تاکو ئێستا 13 کۆنگرەی ئەنجامداوە. پێچەوانەوەی ھەموو حزبە کوردستانیەکان؛ پارتی تاکە حزبە کە هەمیشە درەنگتر لە کاتی خۆی کۆنگرە دەکات.
لە ساڵی 1999 تا ئێستا کە نزیکی 21 ساڵە تەنیا دوو کۆنگرەی ئەنجام داوە، ئێستاش لە راگەیاندنی خۆیانەوە باس لە کۆنگرەی 14 دەکەن کە لەم ساڵدا، بە پێی کۆتا لێدوانی فازل میرانی بێت کۆنگرە 14 بڕیاری لێدراوە لە شاری دھۆک مانگی 5 ی ئەنجام بدرێت.

ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان ناچاربوو کۆنگرە بکات؟

بەپێی بڕیاری کۆمیسۆنی عێراقی ھەر حزبێکی سیاسی بیەوێت بەشداربێت لە پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق نابێت ھیچ کێشەیەی یاسایی ھەبێت لە ڕووی یاسایی حزبیەوە، لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان پێچەوانەی بڕیارەکانی کۆمیسۆنی عێراقی گرفتی نەکردنی کۆنگرەی ھەیە کە ئەوە یەک ناگرێتەوە لەگەڵ یاساکانی کۆمیسۆنی عێراق، بۆ ئەوەش دەبێت بەر لە کاتی دەنگدانی عێراق ئەو گرفتە چارەسەربکەن.
لە ئێستادا بۆ بنەماڵەی بارزانی کردنی کۆنگرە کارێکی ئاسان نیە، ململانێ نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، بۆتە هۆی دواکەوتنی کاتی کۆنگرە، پارتی لە چاوەڕوانی ئەوەشدابوو تا بزانن ئاخۆ مانگی 19 ی ئەم ساڵ عێراق دەتوانێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکا یا نا.
لە ئەگەری نەكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەنگە پارتیش کۆنگرەی خۆی دوابخات.

سیناریۆکانی ناو کۆنگرەی چواردە..

لە دوای تێپەڕینی ماوەی بەستنی لەکاتی خۆیدا؛ لە ھەمان کاتدا مەکتەبی سیاسی پارتی توشی گرفتی یاسایی و سیاسی بۆتەوە، بەپێی زانیاریەکان زیاتر لە 80٪‏ی مەکتەب سیاسیەکانی ئێستا پێیان گوتراوە کە نابێت بۆ کۆنگرەی داھاتوو خۆیان ھەڵبژێرین، کەمینەیەک نەبێت کە بە ھۆی تەمەن و نەخۆشیەوە خۆیان ئامادەنین بێنەوە ناو ململانێکان و ئەوانەی تر بەھۆی ململانێی نێوان نێچترڤان بارزانی و مەسرور بارزانیەوە دوور دەخرێنەوە، ئەمەش بە بەرژەوەندی مەسرور بارزانی دەشکێتەوە.

لە کۆنگرەی چواردە کێ دەبێتە سەرۆکی پارتی؟

چەند پلانێک ھەیە لە کۆنگرەی داھاتوو کە مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێستای پارتی دابنیشێت و بچێتە بارەگای بارزانی، کە ماوەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کاری سیاسی خۆی لەوێ ئەمێنێتەوە، لە ھەمانکاتدا چەند کەسێک لەو مەکتەب سیاسیانەی خۆیان ھەلنابژێرنەوە وەک ئەنجومەنی راوێژکاری لە بارەگای بارزانی کاری حزبیان پێ ئەدەن و بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیشیان، نێچیرڤان بارزانی بکەن بە سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی بکەن بە جێگری سەرۆکی پارتی، بەڵام بە پێی زانیاریەکان نێچیرڤان بارزانی ترسی ھەیە سەرۆکاتی پارتی بە شێوەیەکی شکلی بێت و ھیچ دەسەڵاتێکی نەبێت وەک ئەوەی ئێستا لە سەرۆکایەتی ھەرێمدا هەیە، کە زیاتر بۆ سڕکردنی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیە، ئەمەش تاکە ھۆکارە تاکو ئێستا کۆنگرەی پارتی دواخستووە کە خودی نێچیرڤان بارزانی ترسی لێی ھەیە.
لەگەڵ زیاتر دواخستنی کۆنگرەی داھاتوو؛ شەڕی باڵ باڵێنی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی زیاتر قوڵ دەبێتەوە، کە لە نێوان راگەیاندنەکانی خۆیان و رۆژنامەنووسەکانی نزیک خۆیان بە تەواوی پەردەی لەسەر ئەو باڵ باڵێنە ھەڵماڵیوە.

داھاتووی سۆرانیەکانی ناو پارتی لە کۆنگرەی چواردە..

باڵی نێچیرڤان بارزانی بە باڵی سۆرانیەکان ناسراوە لەناو پارتی، نێچیرڤان بارزانی پشتگیری زۆرینەی ئەو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و تەنانەت کادیرەکانی خوارەوەش دەکات بە تایبەتی سلێمانیەکان ئەمەش پێچەوانەی مەسرور بارزانیە کە پشتگیری تەواوی دەڤەری بادینان و پارێزگای دھۆک دەکات. سۆرانیەکانی ناو پارتی ترسی ئەوەیان ھەیە بە ھەمان شێوەی کۆنگرەی ڕابردو لە پلە حزبیەکانیان دوور بخرێنەوە، کۆنگرەی ڕابردوو سەرەتایی ھاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانی بوو، توانی چەند سەکردایەتی و مەکتەب سیاسیەکی نزیک نێچیرڤان بارزانی دوور بخاتەوە بۆیە ئێستا ترسی ھەمان سیناریۆیان ھەیە چونکە ئێستا مەسرور بارزانی باڵەکەی بەھێزترە تەنانەت ئەو ترسە خودی نێچیرڤان بارزانیشی گرتۆتەوە و بۆیە دواکەوتنی کۆنگرە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *