لە سەردەمی نەوتەوە بۆ سەردەمی غاز
بژار حەکیم
جیھان لەگەڵ سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نەک لەڕووی تەندروستی، بەڵکو لەڕەھەندی ئابووریشدا چووە قۆناغێکی دیکە، یەکێک لە زیانە گەورەکان لە جیھاندا کە روویدا، بێنرخووبوونی بەھای نەوت بوو، بۆیە ئێستا جیھان لەڕووی وزەدا سەردەمی نەوت جێدەھێڵێ و چووە نێو سەردەمی غاز.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی ٢٠٢٠ غازی سرووشتی ھەنگاو بە ھەنگاو نزیک دەبێتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ببێتە جێگرەوەی نەوت لە جیھاندا. رێکخراوەکە دەشڵێ: لە چەند ساڵی داھاتوودا لە جیھاندا، خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا بۆ لەسەتا چل زیاددەکات، بۆیە وڵاتان گرنگی بە غازی سرووشتی دەدەن.
لەنێو ئەم ھاوکێشەیەدا عێراق وەک دەوڵەت خاوەنی ١٣٥ ترلیۆن پێ سێجا غازی سرووشتییە، لەنێو عێراقیشدا، ھەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە ٥ ترلیۆن پێ سێجا غازی سرووشتییە، لەسەتا ھەشتای رێژەی غازی سرووشتی ھەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە.
بەوپێیەی کە سلێمانی دەوڵەمەندە بە وزە، بەتایبەت لەڕووی غازی سرووشتییەوە، بێگومان دەبێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووریی لە ناوچەکەدا، لە ھەر حاڵەتێکدا ئیدارەی پارێزگاکە دەتوانێ بەباشترین شێوە داھاتی غازی سرووشتی بۆ ناوچەکە خەرج بکات.
پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەکانی نزیک لەم پارێزگایە، بووژانەوەیەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، سلێمانی دەبێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووریی ناوچەکەو وڵاتان بە بایەخەوە لێی دەڕوانن.