سەرۆكوەزیرانی لوبنان سەردانەكەی بۆ بەغداد دواخست
بەهۆی چەند پرسێكی تایبەت بە ناوخۆی عێراق، سەرۆك وەزیرانی لوبنان، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ بەغداد، دوا دەخات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان، بڵاویكردەوە، حەسان دیاب سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری لوبنان، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ عێراق، كە بڕیاربوو لە ١٧ی ئەم مانگە ئەنجامی بدات، بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەڕێوەبەرایەتی ڕێوڕەسمەكان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، داوای لە هاوتا لوبنانییەكەی كردووە، بەهۆی چەند پرسێكی ناوخۆیی، سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی كار بەڕێكەری لوبنان بۆ بەغداد، دوابخرێت.پێشتر بە پێی ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنانی، حەسان دیاب بە نیاز بووە لە ١٧ی ئەم مانگە سەردانی بەغداد بكات و ڕێككەوتننامەی تایبەت بە هاوردەكردنی نەوت، لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی عێراق، ئیمزا بكات.